توێژەرێکی سیاسیی ئەمریکی: کوردستان سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت
د. ساشا تۆپەریج، توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە واشنتن، بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، دڵخۆشە بەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەوڵ دەدەن پەیامێکی ئاشتییانە بە جیهان بگەیەنن.
د. ساشا تۆپەریج وەک وەڵامێک بۆ ئەوانەی پێیانوایە ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستان نییە، رایگەیاندووە، ”هیچ کاتێک“ کاتی گونجاو بۆ وڵاتان دروست نابێ تا سەربەخۆیی رابگەیەنن، چونکە لە جیهاندا کەمتر وڵاتان بە ئاشتی و بە ویستی دراوسێکان، سەربەخۆیی رادەگەیەنن.
ئەو توێژەرە ئەمریکییە هەروەها رایگەیاندووە، سەربەخۆیی کوردستان هۆکارێک دەبێ بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ”سەربەخۆیی کوردستان بۆ عێراق و بۆ جیهانیش باشترە“.
د. ساشا تۆپەریج دوو خاڵ بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دیاری دەکات، کە پێیوایە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن:
- ریفراندۆمەکە بە تەواوی رێک بخرێ و ئامادەکاریی بۆ بکرێ، دەنگی خەڵکی کوردستان بە کەمە نەتەوە و ئایینەکان بە جیهان بگەیەنێ.
- ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەر بکرێن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی هەروەها رایگەیاندووە، کە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان هیچ لاینەنێک هێز دژی کوردستان بەکار ناهێنێ، چونکە ”ریفراندۆم هاوکار دەبێت کورد بەهێزتر نیشان بدا“ و ئاماژە بەوەش دەکات، کە ”کاتی زێڕین“ چاوەڕوانی کوردستان دەکات.
د. ساشا دڵنیایی دەدات لەوە کوردستان لە کۆتاییدا سەربەخۆیی خۆی ”لە کەمتر لە ساڵێک یان دوو ساڵ“ رادەگەیەنێت و ئەم پرسەش پەیوەندیی بە وڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە نییە، چونکە گەلی کوردستان ”بڕیاری خۆی داوە“.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
