بۆ وه‌رگرتنى ویلایه‌تی سێیه‌م مالیكی دۆسیه‌یه‌یكی 250 لاپه‌ڕه‌یى سه‌لیم جبوورى داخست
په‌رله‌مانتارێكى عێراق ئاشكراى ده‌كات، كه مالیكی 250 لاپه‌ڕه‌ى دۆسیه‌ی په‌یوه‌ستدار به تیرۆره‌وه له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى ویلایه‌تی سێیه‌م، بۆ سه‌لیم جبوورى، داخست، به‌ڵام جبوورى خیانه‌تى لێ‌كرد.
عه‌بدولڕه‌حمان لوویزى، په‌رله‌مانتارى عێراق له‌سه‌ر پارێزگاى نه‌ینه‌وا كه به یه‌كێك له په‌رله‌مانتاره سونه‌كانى نزیك له مالیكی ناسراوه، له دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا، ڕای گه‌یاند: "ڕێكه‌وتنێكى نهێنى له‌نێوان نوورى مالیكی و سه‌لیم جبوورى كرا كه به پێی ڕێكه‌وتنه‌كه، تۆمه‌ته‌كانى تیرۆر له‌سه‌ر جبوورى لادرا".
ئاشكراشی كرد، مالیكی دۆسێیه‌كی 250 لاپه‌ڕه‌یی په‌یوه‌ستدار به تیرۆر كه هه‌مووى تۆمه‌تى مه‌ترسیدار بوون بۆ جبوورى داخست، گوتیشی: "له به‌رامبه‌ردا، ده‌بووایه سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، هاوكار بێت له‌وه‌ى مالیكی ویلایه‌تی سێیه‌م وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام جبوورى خیانه‌تى له مالیكی كرد".
گوتیشی: "كاتێك لایه‌نه سونه‌كان كۆبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك دیارى بكه‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، مه‌رجى سه‌ره‌كییان ئه‌وه بوو، كه كاندیده‌كه كاتێك پۆسته‌كه وه‌رده‌گرێت، ڕ‌ازى نه‌بێت به وه‌یلایه‌تی سییه‌مى مالیكی، به‌و شێوه‌یه‌ش خیانه‌ته‌كه‌ى جبوورى له سه‌رۆكى پێشووى دوو كابینه‌ى حكوومه‌ت، ئاشكرا بوو".
bas news-
