کچە ئەڵمانییە داعشەکە داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی دەکات
ئەو کچە ئەڵمانییەی پەیوەندیی بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە کردبوو و دەستگیر کرا، داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی دەکات.
گۆڤاری (دێرشپیگل)ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، چوار کچ و ژنی ئەڵمانی، کە لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، ئێستا لە زیندانەکانی عێراقدان.
دوو رۆژنامەنووسی رادیۆکانی (NDR و VDR) و رۆژنامەی (زە دۆیچە تسایتونگ) بڵاویان کردووەتەوە، کە لە بنکەیەکی تەندروختیی سەربازیی عێراقی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ لیندا جۆرج \16 ساڵ\ کردووە.
لیندا جۆرج کچێکی ئەڵمانییە، لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە، لە مانگی 7ـی 2016 چووەتە سووریا و لەوێشەوە بۆ مووسڵ، دواتر لە مووسڵ هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی چیچانیی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە کردووە.
لیندا جۆرج، کە لەنێو داعشدا بە ”بووکی جیهادی“ و ”دایکەی مەریەم“ دەناسرا، رایگەیاندووە: دەیەوێ بگەڕێتەوە ئەڵمانیا بۆ ناو کەسوکارەکەی و گوتویەتی، ”دەمەوێ لە شەڕ و ئەو هەموو چەکەی ئێرە دوور بکەومەوە“.
دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە و فراوانبوونی ئەو رێکخراوە، سەدان کچ و کوڕی ئەوروپی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
bas news-
