وەزیری بەرگریی عێراق: لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی ریفراندۆمی کوردستانمان نەکردووە
وەزیری بەرگریی عێراق لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رایدەگەیەنێت، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی نەکردووە.
عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێدوانێکدا ، رایگەیاندووە: ئەو لێدوانەی بە ناوی ئەوەوە لەبارەی رێگریکردنی سوپای عێراق لە سەربەخۆیی کوردستان بڵاو کراوەتەوە ”ڕاست نییە و بەھیچ شێوەیەک قسەی لەم جۆرەم نەکردووە“.
عیرفان حەیالی پێیوایە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی سیاسییە و ”بە هیچ شێوەیەک“ سوپا ناتوانێ دەستوەردان لە پرسە سیاسییەکاندا بکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هیچ لێدوانێکی لەبارەی ریفراندۆم نەداوە، ”کۆنفرانسی رۆژنامەوانیشم لە تاران نەکردووە“.
رۆژی یەکشەممە 23\7\2017، میدیا ئێرانییەکان لێدوانێکیان بە ناوی عیرفان حەیالی بڵاو کردەوە، گوایە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتویەتی، ”ئەگەر کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدا، سوپای عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە“.
وەزیری بەرگریی عێراق هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بە ”زۆر گەورە و باڵا“ داناوە و رایگەیاندووە، ”تەنانەت لە پرسە ھاوبەشەکاندا ھەماھەنگییەکی ئاست بەرزمان ھەیە و ھەموومان ڕووبەڕووی یەک دوژمن بووینەتەوە“.
عیرفان حەیالی هەروەها رایگەیاند: کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، ”بەهیچ شێویەک“ باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی نەکردووە، چونکە ئەم پرسە ”پەیوەندیی بە سوپاوە نییە“.
رۆژی شەممە 22\7\2017، وەزیری بەرگریی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
bas news-
