داعش بازاڕی فرۆشتنی کچە رفێندراوەکان بۆ حەویجە دەگوازێتەوە
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بازاڕی فرۆشتنی کچە رفێندراوەکان بۆ شارۆچکەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک دەگوازێتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، داعش ئەو کچ ژنانەی لە گوندێکی باشووری شاری مووسڵ رفاندووە و لە یەکێک لە بارەگاکانی لە حەویجە، ”بە نرخی جیاجیا“ دەیانفرۆشێتەوە.
پێشتر داعش لە شاری مووسڵ ژن و کچە رفێندراوەکانی بە چەکدارەکانی دەفرۆشتەوە، بەڵام دوای رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ لە سەرەتای مانگی 7ـی 2017، داعش بازاڕەکەی گواستووەتەوە حەویجە.
دوای داگیرکاریی داعش لە عێراق، چەکدارانی ئەو رێکخراوە سەدان کچ و ژنیان بە تۆمەتی ”کافربوون“ دەستبەسەر کرد و لە نێوان خۆیاندا مامەڵەیان پێوە کردوون، کە رێکخراوەکە بە ”سەبایا“ ناساندوونی.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
BAS NEWS-
