ڕوانگەی مافی مرۆڤ: 20 هەزار خەڵكی سڤیلی شەرگات لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان

 ڕوانگەی مافی مرۆڤ: 20 هەزار خەڵكی سڤیلی شەرگات لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان
ڕوانگەی مافی مرۆڤ، لە عێراق لە ڕاپۆرتێكدا رای گەیاند "20 هەزار خەڵكی سڤیل لە كەناری دەستە چەپی شارۆچكەی شەرگات لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان".

ڕوانگەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە كردووە كە تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە گەمارۆیان خستووەتە سەر خەڵكی سڤیل جگە لەوەی خەڵك دەڕفێنن و ئازار و ئەشكەنجەی ئەو كەسانەش دەدەن كە گومانیان لێ بكەن پەیوەندیی بە هێزەكانی حكوومەتەوە دەكەن.

هاوکات بەڕێوەبەری شارەدێی دەستی چەپی ناوچەكە روونی كردووەتەوە كە 20 هەزار كەس لە هاووڵاتییانی ناوچەكە لەوانەی لەژێر چنگی تیرۆریستانی داعشدان، لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان كە لە 15ی حوزەیرانەوە تیرۆریستانی داعش گەمارۆیان داون".

ڕوانگەی مافی مرۆڤ روونیشی كردووەتەوە كە برسیەتی تەنگی بە خەڵكی ناوچەكە هەڵچنیوە و تیرۆریستان رێگەیان پێ نادەن یارمەتیی یەكدی بدەن، بەتایبەتی لەكاتی نەخۆشیدا.

هاووڵاتییانی ناوچەكە باسی ئەوە دەكەن كە رەوشی مرۆیی زۆر خراپە و هەموو لایەك بە هیوای ئەوەن ئەو مەینەتییە زووتر كۆتایی پێ بێت ئەگەر بە مردنیش بێت. هاوكات نرخی كەرەستەی خۆراك زۆر بەرز بووەتەوە تا رادەیەك هاووڵاتییان ناتوانن بیانكڕن. جگە لەوەش تیرۆریستانی داعش خەڵك دەڕفێنن و شوێن بزریان دەكەن.











باسنيوز
Top