شازادەی سعودیە پیرۆزبایی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە ئەمریکا دەکات
رۆژی یەکشەممە 16.7.2017، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە جێیمس ماتیس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و باسی بەردەوامبوونی شەڕی دژی تیرۆریان کردووە.
هەروەها رۆژنامەی (ریاز)ی سعودی بڵاوی کردووەتەوە، محەمەد بن سەلمان بەبێ ئاماژەکردن بە حکوومەت و هێزە عێراقییەکان، پیرۆزبایی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵی لە جێیمس ماتی کردووە و رایگەیاندووە، ”پێویستە“ شەڕی دژی تیرۆر لە دژی هەموو ئەوانەی پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی تیرۆری جیهانی دەکەن، بەردەوام بێت.
هەفتەی رابردوو دوای نۆ مانگ، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رزگارکردنەوەی شاری مووسڵی راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
