حەشدی شەعبی عێراقی نغرۆی مادەی هۆشبەری ئێرانی دەكات
دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنی بەرپرسانی دادوەری بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە عێراق، بەتایبەتی لە بەغدا، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هۆشداری دەدەن كە كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە بەهۆی حەشدی شەعبییەوە ئەستەمە، چونكە هۆكارە بۆ هێنانی چەندین جۆر مادەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ نێو خاكی عێراق.
دكتۆر محەمەد عەلی سەرۆكی رێكخراوی مەدەنیی عێراقیە رایگەیاند كە بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لە بەغدا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و حەشدی شەعبیش رۆڵێكی كاریگەری لە بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە بەتایبەتی جۆری حەشیش هەیە.
سەرۆكی رێكخراوەكە بە "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاندووە كە پایتەختی عێراق و بەسرا و بابل و نەجەفیش، زۆرترین رێژەی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی مادەی هۆشبەریان تێدایە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژووی عێراقدا.
محەمەد عەلی گوتیشی سەرەڕای هەوڵەكانی هەندێك لایەن، بەڵام كۆنترۆڵكردنی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە چەندین جۆری مادەی هۆشبەر، ئەستەمە، چونكە میلیشاكانی حەشدی شەعبی لە رێگەی چەند گروپێكەوە بە ئاسانی لە ئێرانەوە هاوردەی عێراقی دەكەن.
محەمەد عەلی گوتیشی لە یەك مانگدا بەهۆی ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەرەوە، 7 كەس گیانیان لەدەست داوە.
bas news-
