ئاوارەكانی بەم دواییەی مووسڵ ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان
پەنابەرێكی خێوەتگەی (حەسەن شام) بە ناوی دایكی یوسف ناچار بووە بەم دواییانە ماڵەكەی لە گەڕەكی مووسڵی كۆن بەجێ بێڵێ، بەڵام ئێستە دەڵێ پەلەی نیە بۆ گەڕانەوە، ئەو زیاتر لەنێو كەمپەكەی پەنابەراندا هەست بە ئارامی و ئاسایش دەكات، نەك لە ماڵەكەی خۆی.
دایكی یوسف كە تەمەنی 27 ساڵە و پێنج منداڵی هەیە، خۆی و مێردەكەی چاوەڕێی هێوربوونەوەی تەواوی دۆخی مووسڵ دەكەن، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە. دەشڵێ نەك هەر ئەو، بەڵكو زۆرینەی ئاوارەكان جارێ بیر لە گەڕانەوە ناكەنەوە، چونكە دەزانن هێشتا ئاگری شەڕ نەگیرساوەتەوە.
دایكی یوسف لە دۆخی ناكۆكی و پێكدادانی تایفی لە شارەكەی دەترسی و دەڵێ "نامەوێ لە شارێكدا بژیم كە ململانێی تایفی تێدا بێت چیتر. دەمەوێ لە شارێكی نوێدا بژیم، هەر نا باشتر لە دۆخی جاران بێت، نەك هەمان نەهامەتیەكانمان بەسەردا بێتەوە".
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممەی رابردوو سەركەوتنی سوپای عێراقی بەسەر داعشدا راگەیاند لە شاری مووسڵ. ئەمەش دوای شەڕێكی درێژخایەن كە ماوەی زیاتر لە نۆ مانگی خایاند. هێشتا لە چەند شوێن و حەشارگەیەكی شارەكەشدا داعش ماون و لەگەڵ هێزە عێراقیەكاندا بەیەكتریدا دەدەن.
بەگوێرەی سەرچاوە حكومیەكان، هێشتا دەسەڵاتی عێراقی پلانێكی بۆ سەقامگیركردنەوە و بەڕێوەبردنەوەی شارەكە دانەناوە و جارێ داهاتووی مووسڵ لێڵە.
bas news-
