داعش دان بە شکستێکی گەورەی خۆی دەنێت

داعش دان بە شکستێکی گەورەی خۆی دەنێت


رێکخراوی تیرۆریستی داعش دان بە شکستێکی گەورەی خۆی لە عێراق دەنێت و ناوچەیەکی دیکە جگە لە مووسڵ، دەکاتە شوێنی سەرکردایەتی.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا نووسراوێکی کورتی بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، کە تەلەعفەر کراوەتە بنکەی سەرەکیی داعش لە عێراق لە بری مووسڵ.



داعش لە نووسروەکەدا، دان بە شکستی رێکخراوەکەی لە مووسڵ دەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، هەموو دامودەزگاکانی رێکخراوەکە لە مووسڵەوە گواستراونەتەوە تەلەعفەر.



دوای نزیکەی نۆ مانگ لە ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکان بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئێستا زۆرینەی گەڕەک و ناوچەکانی شارەکە رزگار کراونەتەوە و چەکدارانی داعش تاک و تەرا لە چەند گەڕەکێکی بەری رۆژئاوا (راست)ی شارەکە ماون.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top