حەیدەر عەبادی سەردانی مووسڵ دەکات

حەیدەر عەبادی سەردانی مووسڵ دەکات


سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری مووسڵ دەکات و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆ دەبێتەوە.



دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 9.7.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێـزە چەکدارەکانی عێراق گەیشتە شاری مووسڵ.



چاوەڕوان دەکرێ حەیدەر عەبادی لە مووسڵ، رزگارکردنەوەی تەواوەتیی شارەکە لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، رابگەیەنێت.



دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 8.7.2017، هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، کە لە چەمند کاتژمیری کەمی داهاتوودا، شاری مووسڵ بە تەواوی رزگار دەکرێتەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top