حەشدی شەعبی هەڵمەتێكی لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەست پێكرد
لە کۆى ٥٧ گوندى کوردانى شەبەک لە دەشتى نەینەوا ٣٥ گوندیان لەلایەن حەشدى شەعبیەوە داگیر کراون و پێکهاتەکانى دەشتى نەینەوا دژى دابەشکردنى ناوچەکەیانن لەلایەن حەشدەوە، دەشڵێن حەشد دەستی بە هەڵمەتێك كردووە لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.
دواى کۆنتڕۆڵکردنى دەشتى نەینەوا لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و جێگیربوونیان لە ناوچەکە، دواتر لە میانى بەرێوەچوونى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بەشێک لە چەکدارانى حەشدى شەعبى لە ناوچەکە جێگیر بوون و تا ئێستە لە ناوچەکە ماونەتەوە و بەپێى بەرپرسانى ناوچەکە لە ٦٠٪ی خاکى دەشتى نەینەوا کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتى حەشدى شەعبى، رۆژ دواى رۆژ پێگە و سەنگەرەکانیشیان بەهێزتر دەکەن و ئێستە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئایندەى ناوچەکە.
چەکدارانى حەشدى شەعبى وێڕاى نەپاراستنى ماڵ و حاڵى هاووڵاتییان لە دەشتى نەینەوا، وەک غەزوان داودى نوێنەرى کوردانى شەبەک لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئاشکراى دەکات، مافى مرۆڤیش لەلایەن چەکدارەکانی حەشدی شەعبی پێشێل دەکرێ و دەڵێ "تا ئێستە لە دەشتى نەینەوا لەلایەن چەکدارانى حەشدى شەعبى چەندین جار بە دەستڕێژى گولـلە هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانى ناوچەکە کردووە، دیارترین پێشێلکارى ئەشکەنجەدان و دەستڕێژى گولـلە بوو لە ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە پێکهاتەى کوردى شەبەک. راشکاوانە بڵێم ژیان لەژێر دەسەڵاتى حەشدى شەعبى پارێزراو نییە".
غەزوان داودى دەشڵێ "حەشدى شەعبى لە رێگەى چەند سەد چەکدارێکەوە وێڕاى نانەوەى پشێوى و ئاژاوەگێڕى لە نێوان پێکهاتەکانى دەشتى نەینەوا، ئێستە ٣٥ گوندى کوردانى شەبەکیان لە سنوورەکە داگیر کردووە و هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دابەشکردنى ناوچەکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆرى لە دڵى هاووڵاتییان دروست کردووە".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا باسى لە رۆڵ و خەباتى هێزەکانى پێشمەرگە کرد و گوتى "حەشدى شەعبى لە دەشتى نەینەوا دەرگاى گەڕانەوەى ئاوارەکانى بۆ مووسڵ بە ڕووى ئاوارەکان داخستووە، تەنانەت رێگر بووە لە ئاوارەکانى سنوورى دەشتى نەینەواش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، چەندین جاریش رێگەیان نەداوە خەڵک لە مووسڵ ئاوارە بێت و لەژێر ئاگرى شەڕى دژ بە داعش خۆیان رزگار بکەن، بۆیە ئێمە تەنها پێشمەرگە بە پارێزەرى خۆمان دەزانین لە رابردووشدا ئەمە بۆ هەموو پێکهاتەکانى ناوچەکە سەلمێندراوە".
هەروەها گوتیشى "چەکدارانى حەشدى شەعبى لە دەشتى نەینەوا هەڵمەتى دژ بە ئەنجامدانى ریفراندۆمیان دەست پێکردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بایکۆتى ئەنجامدانى ریفراندۆم بکەن، خەڵکیان ترساندووە و ئەگەر هەڕەشەکانى حەشدى شەعبى لەسەر هاووڵاتییانمان لە دەشتى نەینەوا بەردەوام بێت، هیچ هاووڵاتییەکى کورد بەشدارى پڕۆسەى ریفراندۆم نابێت".
bas news-
