پردی پێنجەمی مووسڵ لە دەست داعش رزگار كرایەوە

پردی پێنجەمی مووسڵ لە دەست داعش رزگار كرایەوە


ئەمڕۆ سێشەممە عەبدولئەمیر یاڕەڵڵا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قادیمون یا نەینەوا، كۆنتڕۆڵكردنەوەی پردی پێنجەمی مووسڵی سەر رووباری دیجلە و چەند شوێنێکی تری شارەكەی راگەیاند.


لە بەیاننامەیەكدا كە كەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە بڵاوی كردەوە، عەبدولئەمیر یاڕەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە كە هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆش سەر بە سوپا بەشی باشووری گەڕەکی شیفا کە قەڵای باشتانیای مێژوویی و بەندیخانەی نەوجەوانان و مەزارگەی یەحیا ئەبو قاسم و فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا و کڵێسای ماریای تێدایە لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنتڕۆڵ كردەوە.


فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قادیمون یا نەینەوا ئەوەشی راگەیاندووە كە هێزە عێراقییەكان پردی پێنجەمی مووسڵیان لەسەر رووباری دیجلە كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و لەگەڵ ئەو هێزانەش یەکیان گرتەوە کە لە ناوچەی رەئس کور لە ناوچەی مووسڵی کۆن رۆژئاوای شارەکە لە دژی چەکدارانی داعش شەڕیان دەکرد.


بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی پردی پێنجەم، هەر پێنج پردەکەی مووسڵ کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان کە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.


بەهۆی کاریگەری بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناتوانرێت پردەکە بەکار بهێنرێت.


bas news-
Top