پەرلەمانتارێكی كورد: لە کەوتنی مووسڵدا نووری مالیکی تاوانباری یەکەمە
د.تاریق گەردی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بەرپرسی یەكەمە لە كەوتنی مووسڵ، هەربۆیە یەكەم كەس دەبێت كە راپێچی بەردەم دادگا دەكرێت، دوای ئەویش سوپاسالارەكانی ئەوكاتە ڕاپێچی بەردەم دادگا دەكرێن، چونكە كاتی خۆی لێژنەیەك لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق پێكهێنران بۆ بەدواداچوون لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ و دوای 6 مانگ لە كاركردن ڕاپۆرتێكی 50 لاپەڕەییان بە وردەكاری تەواوەوە ئامادەكرد، هەموو ئەو كەسانەی كە بەرپرس بوون لە كەوتی مووسڵ دەستنیشانی كردوون، ئەوەش بە شاهێدی هەموو ئەو سەركردە سەربازییانەی لەناو مووسڵ بوون و لە كاتی پاشەكشەكەدا بەشدار بوون، هەروەها هەموو ئەو برووسكانەی كە لەلایەن فەرماندەی هێزە چەكدارەكان كە مالیكی بووە پێی ڕاگەیاندبوون ناوچەكە جێ بهێڵن، ئەوانەش وەك دیكۆمێنت ماونەتەوە".
دەشڵێت، دوای ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە ئیشی پەرلەمان تەواو بوو، دەبوابە داواكاری گشتیی كەیسەكەی بجووڵاندایە و هەموو ئەو كەسە سەربازی و مەدەنییانە ڕاپێچی دادگا بكردایە، هەربۆیە پێویستیش ناكات كە دادگای تایبەت بۆ لێپێچینەوە لەو كەسانە لە نەینەوا و ناوچەیەكی دیكە دروست بكرێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانە كوردە ئەوەشی ئاشكرا كرد: "بابەكر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق کاتی خۆی نامەیەكی تایبەتی سەرۆك بارزانی لەسەر پاشەكشەنەكردنی سوپا لە مووسڵ بە مالیكی گەیاندووە، بەڵام مالیكی پشتگوێی خستووە، هەروەها زێباری چەندین جار مالیكی ئاگادار كردووەتەوە كە چۆڵكردنی مووسڵ دەبێتە هۆی كەوتنی، بەڵام دیسان گوێی نەگرتووە، هەربۆیە نووری مالیكی كەسی یەكەم دەبێت لە سزادان لەبەر ئەوەی ئەو بڕیاردەر و ڕێگر بووە."
باسنیوز
