حەیدەر: عێراق نابێتە بنکەی دژایەتیکردنی وڵاتانی دراوسێ و مەیدانی شەڕی بە وەکالەت
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک راگەیاندنکار و لێکۆڵەرە سیاسییە عێراقییەکان، رایگەیاندووە، عێراق سەربەخۆیە و بەشێوەیەکی سەربەخۆ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی، بڕیارەکانی دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە خاکی وڵاتەکەی نابێتە بنکەی دژایەتیکردنی وڵاتانی دراوسێ، ”نامانەوێ عێراق ببێتە مەیدانی شەڕی بە وەکالەت؛.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی نایەوێ بچێتە ناو هیچ یەک لە بەرە جیاوازەکان و رێگا بە گەڕانەوەی تیرۆر بۆ عێراق، نادات.
ئەو لێدوانانەی عەبادی لە کاتێک دایە، کە وڵاتانی عەرەبی پێیانوایە عێراق دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 و دەستبەسەرداگرتنی حوکمی عێراق لەلایەن حزبە شیعییەکانەوە، بە تایبەت لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا (2006-2014)، ”بە تەواوی چووە ناو بەرەی ئێران لە دژی سعودیە و ئەمریکا“.
دوای هانە سەرکاری عەبادی، عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەرەو پێش چووە و میدیاکان باس لە ئەگەری سەردانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم ماوەیەدا، بۆ سعودیە دەکەن.
باسنیوز
