UN: داعش 100 هەزار مەدەنی لە مووسڵ وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنێ
برونۆ گەدۆ نوێنەری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 100 هەزار مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ هەینی گەدۆ لە نووسینگەی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی مرۆیی لە مووسڵ زۆر مەترسیدارە و داعش بۆ پاراستنی خۆی زیاتر لە 100 هەزار کەسی مەدەنیان لە نێو مووسڵی کۆن گەمارۆ داوە و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت.
ئاشکراشی کرد کە کەسانی سڤیل لە شوێنە مێژووییەکان لەو شوێنەی دەستبەسەر بوون لەنێو شەڕ و پێکدادانەکاندا گیریان خواردووە و باسی لەوەش کرد کە لە ناوچەکەدا خواردن و ئاو نەماوە و کارەباشیان پێ نادرێت.
گەدۆ باس لەوە دەکات کە قەناسبەدەستەکانی داعش هەموو ئەو کەسە سڤیلانە دەکەنە ئامانج کە هەوڵی هەڵهاتن دەدەن.
هەروەها گوتی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە زیاتر لە 500 هەزار کەس بەردەوامی هەیە و لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانەوە تا ئێستا 195 هەزار کەس گەراونەتەوە شارەکە. لە کاتێکدا 690 هەزار کەسی مەدەنی بەهۆی پێکدادانەکان لە رۆژئاوای مووسڵ ماڵ وحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.
bas news-
