شاندی سەربازی سووریا و عێراق كۆدەبنەوە

شاندی سەربازی سووریا و عێراق كۆدەبنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی سەربازی رژێمی سووریا لەگەڵ شاندێکی سەربازی عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێی بەهێزکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات و دروستکردنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی ئەمنییان کرد.


لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە کە فەریقی یەکەم عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی سووریا کۆبووەتەوە و تاوتوێی هەماهەنگی و هاوکاری ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.


ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو بەرپرسانی عێراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەیەکی فراوانیان لە نزیک سنووری سووریا راگەیاند.


کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی سووریا و عێراق بە یەکەم کۆبوونەوە دادەنرێت لە دوای کۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤.


بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گواستووەتەوە، كە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێک کراوە لەوانە دۆخی عێراق و سووریا کە یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە ئەویش رێکخراوی تیرۆریستی داعشە.


غانمی ئاماژەی بەوە کردووە کۆتایی پێهێنان بە داعش پێویستی بە هەماهەنگی زیاترە بەتایبەت لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگریی و چاودێری کردنی سنوور بۆ فشار خستنە سەر داعش و دروست کردنی ناوەندی هاوبەش بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوولا.
bas news-
Top