وەزیرێکی پێشووی عێراق: ئەخلاق لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقیدا نییە
وەزیرێکی پێشووی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە ئەخلاق و دین لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیدا نییە.
سەلام مالیکی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق لە بەرنامەیەکی کەناڵی (سۆمەرییە) رایگەیاندووە، بەهۆی راسپاردنی لەلایەن مەرجەعییەتەوە پۆستی وەزیری لە عێراق وەرگرتووە.
سەلام مالیکی هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاری چوونە ناوەوەی بۆ پرۆسەی سیاسی ”هەڵەیەکی گەورە“ بوو، بەهۆی ئەوەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقەوە لە ساڵی 2003، ”بە خانەی لەشفرۆشی دەچێت و هیچ دین و ئەخلاقێکی تێدا نییە“.
ئەو وەزیرەی پێشووی عێراق پێیوایە سیستەم و پرۆسەی سیاسیی عێراق 14 ساڵە ”لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێت“.
بەپێی ریزبەندییە نێودەوڵەتییەکان، عێراق یەکێکە لە هەرە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان و میلیشیا جیاوازەکانیش بە ئارەزووی خۆیان حوکمی شەقامی وڵاتەکە دەکەن.
باسنیوز
