هێزە عێراقییەکان گەڕەکی زەنجیلی رزگار دەکەنەوە
دوای چەند هەفتەیەک شەڕ لە دژی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێزە عێراقییەکان توانییان گەڕەکی زەنجیلی لە بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ رزگار بکەنەوە.
رۆژی شەممە 10.6.2017، شاکر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالیی عێراقی رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان بە تەواوی سەرکەوتوو بوون لە رزگارکردنەوەی گەڕەکی زەنجیلی لە مووسڵی کۆن.
سەرچاوەیەکی هێزە ئەمنییەکان بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، ئێستا هێزە عێراقییەکان گەڕەکەکە کێوماڵ دەکەن بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش.
بە رزگارکردنەوەی ئەو گەڕەکە، سنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ کەمتر بووەتەوە، تەنیا بەشێک لە گەڕەکی شیفا و گەڕەکی مووسڵی کۆن لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
