بەغدا بەیاننامەیەک لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بڵاو دەکاتەوە
حکوومەتی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە بڵاو دەکاتەوە.
رۆژی هەینی 9.6.2017، سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بەیاننامەکەی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە رێی دەستووری عێراقییەوە دەکات.
لە بەیاننامەکەدا، حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە، پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندیی بە هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە نییە، ” پێويسته رێگه نهدرێت هيچ لايهنێكى دهرهكى دهستتێوهردان بكات“.
سەعد حەدیسی پێیوایە دەستووری عێراق مەرجەعی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە.
بەپێی دەستووری عێراق، مانەوەی باشووری کوردستان لە عێراق پەیوەستە بە جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و هەر کاتێک بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو لەگەڵ هەولێر، ئەوا گەلی کوردستان مافی جیابوونەوە و سەربەخۆیی هەیە.
لە ساڵی 2013ـەوە و بە بڕیاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە و حکوومەتی عێراق لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هیچ هاوکارییەکی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی نەکرد.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، داعش دوای هەرەس هپێهێنانی سوپای عێراق، پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباری داگیرکرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
bas news-
