دادگا سزای حه‌فت ساڵ زیندانیكردنی بۆ وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق دەرکرد
ده‌سته‌ی دەستپاکی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگه‌یاند له‌لایه‌ن دادگایه‌كی تایبه‌ت به دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌وه، بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی حه‌فت ساڵ بۆ رافع عیساوی وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق ده‌رچووه.
به‌پێی ده‌سته‌ی دەستپاکی به‌بێ ئاماده‌بوونی رافع عیساوی، دادگا بڕیاری داوه و ده‌ست به‌سه‌ر سامانی گواستراوه و نه‌گواستراوه‌ی ناوبراودا ده‌گیرێت.
ده‌سته‌ی دەستپاکی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ئاشكرای كرد دادگا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی حه‌فت ساڵ بۆ وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق، رافع ئه‌لعیساوی ده‌ركردووه و بڕیاره‌كه به‌بێ ئاماده‌بوونی ناوبراو په‌سه‌ند كراوه، به‌پێی ده‌سته‌كه بڕیاره‌كه به‌پێی بڕگه‌كانی مادده‌ی 340ی یاسای سزادانانی عێراق بووه كه به‌و پێیه بێت ناوبراو زیانی به سامان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی كاری تێیدا كردووه، گه‌یاندووه.
فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له ده‌سته‌ی دەستپاکی عێراق جه‌ختی كردووه‌ته‌وه دادگای تایبه‌ت به تاوانه‌كانی په‌یوه‌ست به نه‌زاهه‌وه له شاری به‌غدا به‌بێ ئاماده‌بوونی عیساوی بڕیاری به زیندانیكردن بۆ ماوه‌ی حه‌فت ساڵ به‌سه‌ر ناوبراو كه هه‌ڵاتووه داوه، ئاماژه‌ی بۆ ورده‌كاریی بابەتەکە كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه روونی كردووه‌ته‌وه رافع عیساوی زیانی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و لایه‌نه گه‌یاندووه كه كاری تێدا كردووه كه مه‌به‌ست لێی "وه‌زاره‌تی دارایی"ه له‌رێگه‌ی رازیبوونی له‌سه‌ر گرێبه‌ستێكی مۆركراو له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكی رافیده‌ین و كۆمپانیای"هندسه البارع" بۆ به‌ڵێنده‌رایه‌تی بۆ وه‌به‌رهێنانی باڵه‌خانه‌ی بانكی رافیده‌ین/ لقی عه‌قه‌به.
له به‌یاننامه‌کەدا ئه‌وه‌ش هاتووه كه دادگا گه‌یشتووه‌ته قایل‌بوونی ته‌واو له‌مه‌ڕ ئیدانه‌كردنی تۆمه‌تبار، دوای ئه‌وه‌ی گوتەی نوێنه‌ره یاساییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و بانكی رافیده‌ینی وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها به ره‌چاوكردنی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه كارگێڕییه‌ی له نووسینگه‌ی پشكێنه‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی دارایی و راپۆرتی ژووری وردبینی ده‌ره‌كی له ده‌سته‌ی دەستپاکی كه بڕی ئه‌و زیانانه‌ی تێدا روون كراوه‌ته‌وه كه به‌ر سامانی گشتی كه‌وتوون، جگه له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵاتنی تۆمه‌تبار.
بڕیاری دادگا كه له‌سه‌ر تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو ده‌رچووه فه‌رمانی ده‌ستگیركردن و پشكنین بۆ ناوبراو له‌خۆ ده‌گرێت، جگه له ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سامانه گواستراوه و نەگواستراوه‌كانی، وێڕای پاراستنی مافی لایه‌نی سكاڵاكار"وه‌زاره‌تی دارایی" به داواكردنی قه‌ره‌بوو له‌به‌رده‌م دادگا مه‌ده‌نییه‌كان دوای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه پلەی كۆتایی وه‌رده‌گرێت.
bas news-
