حكومەتی عێراق 550 راوێژكاری هەیە
حكومەتی عێراق خاوەنی 556 بریكاری وەزیر و راوێژكارە، هەروەها 22 بریكاری وەزیر و 15 پارێزگار مووچەی هاوتای راوێژكار وەردەگرن. جگە لەوانەش كۆمەڵێك دەستە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگە هەن سەر بە وەزارەتەكانی حكومەتن، بەشێك لەوانیش راوێژكاریان بۆ دامەزراوە.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ لە حكومەتی عێراقدا مووچەی راوێژكاران لە نێوان 2-7 ملیۆن دینارە.
لە ماددەی یەكەمی یاسای رێكخستنی كاری راوێژكاراندا هاتووە: ''نابێت ژمارەی راوێژكارەكان لە سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەماندا لە 6 كەس تێپەڕ بكات، واتا كۆی راوێژكارەكانی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە ناگاتە 20 راوێژكار''.
ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: ''ئەو راوێژكارانە بارگرانییەكی زۆریان لەسەر بودجەی عێراق دروستكردووە، سەرۆكایەتی كۆمار نزیكەی 23 راوێژكاری هەیە، پەرلەمانی عێراق 11 و ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران 4 و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران 13 و حەیدەر عەبادی 5 راوێژكاری هەیە''.
لە بڕگەی دووەمی ماددەی یەكەمی یاسای رێكخستنی كاری راوێژكاراندا هاتووە "هەر وەزارەت و فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتێكی دیاریكراو دەتوانن راوێژكار دابمەزرێنن، دواتر لەسەر پێشنیازی وەزیر و ئەگەر پێویست بكات، ژمارەی راوێژكارەكان بۆ سێ كەس زیاد دەكرێن".
لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكایەتی كۆمار راوێژكار بۆ پەرلەمان دادەمەزرێنێت و دامەزراندنی راوێژكار پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمان هەیە و دامەزراندنی هەر راوێژكارێكیش پێویستی بە دەركردنی مەرسوومی كۆماری هەیە.
زانا رووستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند ''ئەو راوێژكارانە گەورەترین بارگرانییان بۆ حكومەتی عێراق دروستكردووە، لەبەر ئەوە یاسای رێكخستنی كاری راوێژكاران لە پەرلەمان پەسەندكرا و مەرجە ئەكادیمییەكان گران كران''.
بەپێی بڕیاری چاكسازییەكانی عەبادی ژمارە 333 ، نابێت وەزیر راوێژكاری هەبێت، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران گومانیان هەیە لە جێبەجێكردنی یاسای رێكخستنی كاری راوێژكاران.
مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری لیژنەی نەزاهە بە (رووداو)ی راگەیاند ''كەسانێك پۆستی راوێژكارییان بۆ سەركوتكردن و سیخوڕیكردن بەسەر خەڵكەوە بەكارهێناوە، وەكو پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بۆیە ئەستەمە یاسای رێكخستنی راوێژكاران و چاكسازییەكانی عەبادی جێبەجێ بكرێت''.
هەروەها دەڵێت "زۆربەی ئەو راوێژكارانەی دامەزرێنراون دۆست و كەسی نزیكی بەرپرسانن، تەنانەت هەیانە بڕوانامەی نییە".
بەڵام زانا روستایی دەڵێت ''یاساكە دەرگایەك بەسەر گەندەڵیدا دادەخات كە پێشتر سەرۆكوەزیرەكان بە ئارەزووی خۆیان خەڵكیان دامەزراندووە و ئەنجوومەنی وەزیران نزیكەی 70 راوێژكاری هەیە''.
بە گوتەی چەند پەرلەمانتارێك، بەشێك لەو راوێژكارانە دەسەڵاتەكانی وەزیر بەكاردەهێنن وەك ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق كە راوێژكارەكانی سەرپشك كردووە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست و سەرپەرشتیكردنی چەند لیژنەیەك.
عادل نووری، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی یەكێك لە راوێژكارانی وەزیری دەرەوە دەدات و دەڵێت "ئیحسان عەوادی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی كارمەندی وەزارەتی دەرەوەیە، بڕی 12 ملیۆن دۆلاری بۆ بیمەی تەندروستی كارمەندان خەرجكردووە''.
رووداو
