عەبادی وەڵامێکی توندی حەشدی شەعبی دەداتەوە و دەڵێ: سنوری خۆتان بزانن
رۆژی یەکشەممە 4.6.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک زانای ئایینی وەقفەکانی شیعە و سوننە لە عێراق، کۆ بووەتەوە.
حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پێویستە زانایان رۆڵی گەورەیان هەبێ لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە مەترسییەکانی تیرۆر و توندڕەوی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ناڕاستەوخۆ وەڵامێکی توندی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ”نامانەوێ هێزەکانمان لە دەرەوەی عێراق بەشداریی شەڕەکان بکەن و سەقامگیریی ئاسایشی وڵات تێک بدەن، دەستووری عێراق رێگە بەم کارە نادات“.
پێشتر فەرماندەکانی حەشدی شەعبی رایانگیاندبوو، کە ئەگەر بە پێویستی بزانن، دەچنە ناو خاکی سووریا و بەشداریی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو وڵاتە، دەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لەسەردەمی سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە مانگی حوزەیرانی 2014 و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا.
باسنيوز
