عێراق.. لە مانگی رابردوودا 824 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی

عێراق.. لە مانگی رابردوودا 824 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق (یونامی)، ئاماری قوربانیانی سڤیلی مانگی رابردووی بڵاو کردەوە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/6/2017 بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق (یونامی)یەوە تۆمار کراون، بە تێکڕایی لە مانگی ئایاردا بەھۆی کارە تیرۆریستییەکان، توندوتیژی و شەڕی چەکدارییەوە 354 مەدەنی عێراقی کوژراون 470 ی تریش بریندار بوونە.



لەو ژمارەیەدا لە پارێزگای نەینەوا ‌ ١٦٠ مەدەنی کوژراون و ٥٢ کەسیش بریندارە، ئامارەکانی پارێزگای بەغداش برتییە لە ٨٦ کوژراو و ٢٢٦ بریندار، ھاوکات لە پارێزگای بەسڕە ١٣ کوژراو و ٤١ بریندار ھەیە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە یونامی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئەنبارەوە دەستی کەوتوون، پارێزگایەکە ١٣٦ قوربانی داوە کە ٤٧ کوژراو و ٨٩ بریندارە، ئامارەکانیش تا رۆژی ٣١ی ئایاری تازەکراونەتنەوە.



لای خۆشییەوە، یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، کارە تیرۆریستییەکانی ئیدانە کرد کە ھاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن، چ پێش رەمەزان و چی لە رۆژە سەرەتاییەکانی رەمەزاندا و گوتیشی: "ھەرچەندە داعش لە موسڵ لە گیانەڵڵای مردن دایە، بەڵام ھێشتاش دەستی چەپەڵی بۆ چەند شوێنێکی دیکە درێژ دەکات، بۆ ئەوەی فشاری سەربازی لەسەر خۆی سووک بکات و بە ‌مەبەستیش دەیەوێت ئەوپەڕی ژمارەی قوربانی لە خەڵکی مەدەنی بخاتەوە".

BAS NEWS-
Top