سەرکردەیەکی مەسیحی: لە عێراق پلانێک هەیە بۆ لەناوبردنمان و میلیشیاکانی نوری مالیکیش دژایەتییەكی زۆرمان دەكەن

 سەرکردەیەکی مەسیحی: لە عێراق پلانێک هەیە بۆ لەناوبردنمان و میلیشیاکانی نوری مالیکیش دژایەتییەكی زۆرمان دەكەن
سەرکردەیەکی مەسیحی رایدەگەیەنێت، لە عێراق پلانێک هەیە بۆ لەناوبردنی مەسیحییەکان و دژایەتیکردنی مافەکانیان.



عەبدولئەحەد ئەفرام، سکرتێری گشتیی یەکێتیی دیموکراتی کلدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەو تاوانانەی لە بەغدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵات حکوومەتی عێراق لە دژی مەسیحییەکان ئەنجام دەدرێن، مەسیحییەکان ناچار بوون روو لە باشووری کوردستان بکەن و لە ترسی میلیشیا چەکدارییە عێراقییەکان ”ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر شوێنەکانیان“.



ئەو سیاسەتمەدارە مەسیحییە ئاماژەی بە هەوڵەکانی بە عەرەبکردنی ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا کردووە و رایگەیاندووە، ''تەنیا لە شارۆچکەی تلکێفدا نزیکەی سێ ھەزار خێزانی مەسیحی نیشتەجێ بوون، بەڵام دوای ساڵی 1975 حکوومەتی عێراق ژمارەیەک خێزانی عەرەبی لە گەیارە و ناوچەکانی دیکەوە ھێنایە سەر زەوییەکانیان و بەو ھۆیەوە لەو سێ ھەزار خێزانە تەنیا 60 خێزانێک لە ناوچەکەدا مانەوە“.



عەبدولئەحەد ئەفرام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە مەسیحییە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بە مەرجی گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، دەگەڕێنەوە گوند و شارەکانیان لە دەشتی نەینەوا.



سکرتێری گشتیی یەکێتیی دیموکراتی کلدان هەروەها رایگەیاندووە، کە لە بەغداوە تاوەکو دەشتی نەینەوا، هێزە عێراقییەکان پلانیان بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی مەسیحییەکان لەو وڵاتەدا داناوە.

بەهۆی ستەمی میلیشیا چەکدارییە عێراقییەکان و داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەیان هەزار هاووڵاتیی مەسیحیی عێراق ئاوارەی باشووری کوردستان بوون و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان دەکەن.



ئەو میلیشیا چەکدارییانە، زۆربەیان لەژێر فەرمانی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراقدان، کە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی مافەکانی مەسیحی، سوننەمەزهەبەکان و گەلی کوردستان دەکەن.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.






باسنیوز
Top