جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: حەشدی شەعبی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای پێشێل کردووە
سالار محەمەد جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، لەم بارەوە گوتی: ڕێککەوتنێک هەبوو لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئازادکردنەوەی هەندێک ناوچەی سەر بە پارێزگای مووسڵ، بەتایبەت ئەوانەی لەژێر دەستی داعشدا بوون، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەرک و ڕۆڵی هێزەکان دیاری کرابوو بۆ نموونە ناوچە کوردستانییەکان پێشمەرگە رزگاری بکات و ناوچە عەرەبنشینەکانیش سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی بکاتەوە."
باسی لەوەش کرد "ناوچەکانی بەعاج و بلێج و ھەندێ شوێنی دیکەی شنگال لەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا بوون، بەڵام بەداخەوە حەشدی شەعبی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە".
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، "فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە مەسعوود بارزانییە و فەرمان لەوێوە وەردەگیرێت، بەڵام لە عێراقدا حەشد خۆی بووە بە هێزێکی تایبەت و فەرمان لە حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە وەرناگرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێ ڕۆڵی هەبێت لە بڕیاردا و ناکرێ تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەری هەبێت".
باسنیوز
