تا ئێستە 200 هەزار پەنابەری سووریا لە عێراق ماون
عەدیلە حەمود وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند ئێستە ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە عێراق 200 هەزار كەسە.
ئەم قسەیەی وەزیری تەندروستیی عێراق لە میانی گوتەیەكیدا هات كە لە كۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی عەرەبی پێشكەشی كرد كە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو.
عەدیلە حەمود گوتی "بە هۆی ئەوەی داعش ژێرخانی نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی وێران كردووە، عێراق رووبەڕووی بەرەنگارییەكی گەورە بووەتەوە بە تایبەتیش لە بواری تەندروستیدا".
وەزیری تەندورستیی عێراق گوتی "بەرەنگارییەكی دیكە كە عێراق رووبەڕووی بووەتەوە، چۆنیەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارە تەندروستییەكانە بۆ ئاوارەكان و لە ماوەكانی رابردوودا بە یارمەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی توانیمان كۆنتڕۆڵی ئەو نەخۆشییانە بكەین كە لەناو ئاوارەكاندا بڵاوبووبووەوە".
جێی باسە زۆربەی ئەو ئاوارانە كوردانی رۆژئاوای كوردستانن و بەزۆری لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێ بوون.
bas news-
