لیستی مالیكی: پیلانڕێژی هەرێمی لەئارادایە بۆ دابەشكردنی عێراق لە دوای داعش
پەرلەمانتارێكی لیستی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نووری مالیكی جێگری سەركۆمارەوە سەرۆكایەتی دەكرێ، هۆشداری دەدات لە پیلانڕێژییەكی هەرێمی بۆ دابەشكردنی عێراق لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش.
پەرلەمانتار نەهلە هوبابی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند كە چەند وڵاتێكی دراوسێ و هەرێمی هەوڵی دابەشكردنی عێراق دەدەن بۆ سەر چەند دەوڵەتۆكەیەكی بچوك، بۆ ئەوەی لە ناوەخۆیاندا بە شەڕ ڕووبەڕووی یەكتری ببنەوە.
هوبابی ئاماژەی بەوەش دا كە پێكهاتەی سونەی عێراق دۆڕاوی سەرەكی دەبێت لەم نەخشەیەدا، لەبەرئەوەی لەم دابەشكارییەدا بەشێكی گەورەی خاكی خۆیان لەدەست دەدەن.
داواشی كرد بە زووترین كات لایەنەكانی عێراق هەوڵەكانیان یەك بخەن لەنێو پەرلەماندا و هەر هەوڵێكی هەرێمی پەك بخەن كە بۆ دابەشكردنی عێراق بدرێت.
هوبابی نیگەرانی خۆی بۆ قۆناخی دوای شەڕی داعش دەربڕی.
bas news-
