عەللاوی بۆ باڵوێزی ئێران: دەستێوەردانەكانتان لە كاروباری عێراق بوەستێنن

عەللاوی بۆ باڵوێزی ئێران: دەستێوەردانەكانتان لە كاروباری عێراق بوەستێنن
ئەیاد عەللاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە یەكەم دیداریدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵوێزی نوێی ئێران لە عێراق، هیوای خواست ئێران دەستێوەردانەكانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە بوەستێنێ.


بە پێی هەواڵێكی ماڵپەری "ئیلاف"، ئەیاد عەللاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەركردەی ئیتیلافی نیشتیمانی رایگەیاندووە كە ناوچەكە بەرگەی شەڕێكی دیكە ناگرێ و پێویستە هەموو لایەك هەوڵ بدەن سەقامگیری لە ناوچەكەدا بێتە ئاراوە.


عەللاوی جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران كردەوە و ئاماژەی بە پەیوەندییە لەمێژینەییەكانی نێوان عێراق و ئێران كرد، ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بۆ چارەسەركردنی پرسی دەستێوەردانەكانی تاران لە عێراق و ناوچەكە.


بەپێی سەرچاوەكە، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە رێگەی باڵوێزی ئێرانەوە، پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی ئەو وڵاتە كردووە كە دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە رابگرن و هاوكار بن بۆ نانەوەی ئاشتی و سەقامگیری.


لەلایەن خۆیەوە باڵوێزی ئێران، پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ لەناوبردنی تیرۆر و نانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق دووپات كردووەتەوە.

bas news-
Top