دیاردەی ڕفاندن و كوشتن و فڕێدانی تەرم لە بەغدا سەرهەڵدەداتەوە
عەبدولكەریم عەبتان ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی وەتەنییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حكوومەتی عێراق كرد سنوورێك بۆ دیاردەی كوشتن و رفاندن لە ناوچەی سەیدییەی باشووری بەغدا دابنێن، ئاماژە بەوەش دەكات كە لە میانی ئەمساڵدا، 12 كەس تەنها لەو ناوچەیە كوژراون.
فراكسیۆنی هاوپەیمانی وەتەنییە كە ئەیاد عەللاوی جێگری سەركۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، خاوەنی 21 كورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، عەبتان رایگەیاند كە هێشتا كردەی كوشتن و رفاندن لە ناوچەی سەیدییە بەردەوامە، تەنانەت دوێنێ یەكشەممە 4 تەرمی نەناسراو لە ناوچەكەدا دۆزرابوونەوە.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی هاوپەیمانی وەتەنییە ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانی ئەمساڵدا، 12 كەس لە دانیشتووانی ناوچەی سەیدییەی باشووری بەغدا كوژراون.
داواشی لە لایەنە ئەمنییەكان لە سەروویانە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران و قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ كرد كە سنوورێك بۆ دیاردەی كوشتن و رفاندن و فرێدانی تەرمی نەناسراو لە ناوچەی سەیدییە دابنێن و لێكۆڵینەوەی بەپەلەش لەمبارەیەوە دەست پێ بكەن.
ناوچەی سەیدییە دەكەوێتە باشووری بەغدا و زۆربەی دانیشتووانەكەی سوننەن و یەكێكە لە ناوچە خۆشگوزەرانەكانی بەغدا.
bas news-
