ناوچەی کارگەکانی مووسڵ رزگار دەکرێتەوە
رۆژی چوارشەممە 10.5.2017، شاکر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالی عێراقی رایگەیاندووە، حەوت کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە میحوەری باکووری رۆژئاوای مووسڵ رزگار کردووەتەوە.
شاکر جەودەت هەروەها رایگەیاندووە، هێزە عێراقییەکان بەرەو مزگەوتی نوور پێشڕەوی دەکەن، ئەو مزگەوتەی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوەکە یەکەم وتاری تێدا خوێندەوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق ناوچەی کارگەکان (حي المعامل)یان لە مووسڵ رزگار کردووەتەوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
