وتارخوێنی نەجەف هێرش دەكاتە سەر سعوودیە

وتارخوێنی نەجەف هێرش دەكاتە سەر سعوودیە
ئەمڕۆ وتارخوێنی حوسەینیەی فاتیمیەی كوبرای نەجەف لە وتاری نوێژی هەینیدا بە توندی هێرشی كردە سەر لێدوانەكەی محه‌مه‌د بن سه‌لمان وه‌زیری به‌رگریی سعوودیه‌ لە دژی ئێران. گوتی بن سەلمان گەمژەیە، چونكە شیعە بە شانازییەوە ئامادەكاری بۆ هاتنی مەهدی دەكات.


سەدرەدین قوبانچی پێشنوێژی نەجەفی پایتەختی شیعی لە وتاری ئەمڕۆیدا بە توندی بەرگری لە ئێران كرد و هێرشی كردە سەر لێدوانەكەی وەزیری بەرگریی سعوودیە، كە هەڕەشەی لە شەڕ گواستنەوە بۆ نێو خاكی ئێران كردبوو.


بەڵام قوبانچی لە وتارەكەیدا زیاتر باسی لەو بەشەی لێدوانەكەی بن سەلمان كردووە، كە گوتوویەتی "ناتوانین لەگەڵ ئێرانێكدا گفتوگۆ بكەین، كە پلان بۆ هاتنی مەهدی دادەڕێژێ"، لەمبارەوە قوبانچی دەڵێ "ئەمە لێدوانێكی گەمژانە و دیراسە نەكراوە، لە ڕاستیدا ئێمە ئەم لێدوانە بە خراپ لێك نادەینەوە، بەڵكو شیعە لە ئامادەكاریدایە بۆ هاتنی ئیمامی مەهدی، شانازیشی پێوە دەكەین".


وتارخوێنی نەجەف لە لایەكی دیكەوە هێرشی كردە سەر وڵاتانی عەرەبی بەوەی تیرۆر هاوردەی عێراق دەكەن و ئاماژەی بە راپۆرتێك كرد، گوایە وڵاتێكی وەكو ئوردن 900 چەكداری ناردووەتە نێو داعش، داوای لە وڵاتانی عەرەبی كرد چەكدارەكانیان لەنێو داعش بكشێننەوە، چونكە وەك خۆی گوتی شەڕی داعش بە سەركەوتنی عێراق یەكلا بووەتەوە".
bas news-
Top