ڤیان دەخیل: هاوپەیمانیی نیشتیمانی کورسی کۆتای ئێزدییان لە کۆمیسیۆن رەت دەکاتەوە

ڤیان دەخیل: هاوپەیمانیی نیشتیمانی کورسی کۆتای ئێزدییان لە کۆمیسیۆن رەت دەکاتەوە


پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکانی عێراق دانانی کورسی کۆتا بۆ هاووڵاتییانی ئێزدی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەت دەکاتەوە.



ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ماوەی حەوت مانگ کاریان لەسەر پرۆژەی دانانی کورسییەکی کۆتا بۆ ئێزدییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کردووە ”زۆربەی پەرلەمانتاران بە تایبەتیی عەرەبەکان، پشتگیریی پرۆژەکەیان دەکرد“.



ڤیان دەخیل هەروەها رایگەیاند، کە بەهۆی رەتکردنەوەی دانانی کورسیی کۆرتا بۆ ئێزدییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکانەوە، لە دانیشتنی رۆژی 30.4.2017 ـی پەرلەمان، پەرلەمنتارەکان پشتیان لە بەڵێنەکانیان کرد و پرۆژەکەی ئەوان رەت کراوەتەوە.



ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە رەتکردنەوەی دانانی کورسی کۆتا بۆ ئێزدییان بە نیشانەی ”گرنگی نەدان بە ئێزدیان لە عێراق“ دادەنێت، سەرەڕای ئەوەی تووشی کارەساتی گەورە بوون، بە تایبەتی لە دوای داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
bas news-
Top