پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی: ئەگەری جیابوونەوەی عەبادی لە حزبی دەعوە هەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد کە مالیکی دەستی بەسەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا گرتووە و ”گومان دەکرێت بەشێک لە بڕیارەکانی بەغدا، لەژێر فشاری مالیکیدا دەربکرێت“.
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: "ئەگەری دروستبوونی ئینشقاقێکی دیکە لە ناو حزبی دەعوە ھەیە، بەتایبەت دوای جیابوونەوەی ئیبراھیم جەعفەر، باس لە جیابوونەوەی عەبادیش دەکرێت، چونکە نووری مالیکی زۆر ملھوڕە و مامەڵەی ژێر دەستانە لەگەڵ عەبادی دەکات، وانیشان دەدات ئەو سەرۆک وەزیرانی عێراقە“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، بێ ئومێد بووین لەبەغدا، چونکە من وەک خۆم پێم وایە عەبادی جیاوازی ئەوتۆی لەگەڵ مالیکیدا نییە، ئەوەی مالیکی کردوویەتی، عەبادی ڕاستی نەکردووەتەوە، ھەمان بیرکردنەوەیان ھەیە".
ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشبینی جیابوونەوەی عەبادی لە دەوڵەتی یاسا دەکرێت، ”ئیستاش کۆنترۆڵی نووسینگەی عەبادی کردووە“.
ھاوکات زانا سەعید ڕۆستایی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: "گرفت لەنێوان مالیکی و عەبادی دروست بووەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە عەبادی لیستی خۆی جیادەکاتەوە، ئێستاش ناوچەی سەوز خراوەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو".
bas news-
