چوار هەزار هاووڵاتی سونە لە سەڵاحەدین رفێنراون

چوار هەزار هاووڵاتی سونە لە سەڵاحەدین رفێنراون

پەرلەمانتارێكی عێراق لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند تاکو ئێستە چارەنووسی ھەزاران ھاووڵاتی عێراقی دیار نییە، کە لە پارێزگای سەڵاحەدین بە ھۆی چەند رووداوێکی جیاوازە رفێنراون.


لە دوای رزگارکردنی پارێزگای سەڵاحەدین لە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش، تاکو ئێستە نزیکەی چوار ھەزار ھاووڵاتی لەو پارێزگایە رفێنراون.


زیا دوری پەرلەمانتاری پارێزگای سەڵاحەدین لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز کرد، رایگەیاند "چارەنووسی چوار ھەزار ھاووڵاتی عێراقی کە لە پارێزگای سەڵاحەدین بە ھۆی چەند رووداوێکی جیا جیا رفێنراون تاکو ئێستە دیار نییە".


دوری راشیگەیاند کە بەرپرسیاریەتی یاسایی رفاندنی ئەو ھاووڵاتیانە دەکەوێتە سەر ئەستۆی سەرۆکوەزیران حەیدەرعەبادی، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات ئەو کەسانە بگەڕێنرێنەوە نێو خانەوادەکانیان.


دوری داواشی کرد کە بەرپرسانی ئەو کارانە بدرێنە دادگا و بۆ ئەم مەبەستەش بانگھێشتی بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.


پارێزگای سەڵاحەدین نزیکەی ١٥٧ کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەغداوە دوورە و زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھاووڵاتیانی سونە مەزھەب پێکدێن.


سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رۆژی ٣١ی ئاداری ٢٠١٥ رزگارکردنی بەشێکی زۆری پارێزگای سەڵاحەدینی لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش راگەیاندبوو، ھاوکات میلیشیا شیعەکان و ھێزەکانی ئەمنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیان گرتبووە دەست. لە پاڵ ئەمەش ئاماژە بەوە دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل لە پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار لەلایەن بەشێک لە گرووپە شیعە مەزھەبەکان و حەشدی شەعبەوە رفێنرابوون.
bas news-
Top