عەبادی: خۆمان بۆ سەرکەوتنێکی گەورە ئامادە دەکەین

عەبادی: خۆمان بۆ سەرکەوتنێکی گەورە ئامادە دەکەین


سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە خۆیان بۆ راگەیاندنی ”سەرکەوتنێکی گەورە“ ئامادە دەکەن.



رۆژی شەممە 29.4.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە فێستیڤاڵی ”یەکدەنگیی نیشتمانی“، رایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەروبەندی دەست پێ کردنی قۆناغێکی نوێیە ”هەرچەندە رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە و بەردەوام دەبێتەوە“.



حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاندووە، یەکێک لە ”گەورەترین“ کارە لەپێشینەکانی حکوومەتەکەی بەدیهێنانی ئاشتی و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییانە، کە ”وڵاتی هەموو هاووڵاتییانە بە هەموو تێڕوانین و بیرکردنەوەکانیانەوە“.



سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاماژەکردن بەوەی هێزەکانیان شەڕێکی سەخت بەڕێوە دەبەن و ”خۆمان بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنێکی گەورە ئامادە دەکەین“.



حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاند، کە ”هەندێک“ کەس و لایەن هەوڵ دەدەن ورەی سەرباز و چەکدارانی میلیشیاکان بڕووخێنن لە رێگای ”بڵاوکردنەوەی درۆی دوژمنان“، چونکە ناکۆکییان لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە.



بەپێی زانیارییەکان، مەبەستی عەبادی لە ”هەندێک“، نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراقە، کە سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لەبەرامبەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە کەم سەیر دەکات و هەوڵی کەمکردنەوەی بایەخی دەدات.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس پێ هێنانی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کران.
BAS NRWS-
Top