28 چەكداری داعش لە تەلەعفەر و قەیرەوان كوژران
ئەمڕۆ هەینی میدیای جەنگیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی 28 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی لە تەلەعفەر و قەیرەوان راگەیاند، ئەمەش دوای سێ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر قەزای تەلەعفەر و شارۆچكەی قەیرەوانی سەر بە پارێزگای مووسڵ.
ئەمڕۆ هەینی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە گوێرەی زانیاری فەرماندەیی رزگاركردنەوەی نەینەوا، سێ هێرشی ئاسمانیان ئەنجام داوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانەوە لە گەڕەكی قادسیەی تەلەعفەر 10 تیرۆریستی داعش كوژراون.
هەروەها 8 تیرۆریستی تریش لە شارۆچكەی قەیرەوان كوژراون. سەرباری تەقاندنەوەی كۆگایەكی گەورەی چەك و تەقەمەنی داعش لەو سنوورە، كە 10 چەكداری داعش لەنێو كۆگای چەك و تەقەمەنیەكاندا بوون و ئەوانیش كوژراون.
بەیاننامەكە دووپاتی كردووەتەوە لەو هێرشانەدا هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی بەرنەكەوتوون.
bas news-
