"بەهۆی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكاوە رزگاركردنی حەویجە دواخرا"
ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دواخستنی پرۆسەی رزگاركردنەوەی حەویجە و خستنەپێشی پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش.
عەبدولعەزیز حەسەن ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی حەویجە كاریگەری زۆرتر لەسەر ئاسایشی هەردوو پارێزگەی دیالە و سەڵاحەدین دادەنێت، چونكە حەویجە ئێستە بووەتە ناوەندی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی راگەیاندنی ڕزگاركردنەوەی تەواوی پارێزگای مووسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە.
هەروەها گوتی بۆیە پرۆسەی حەویجە دواخرا و دەست بە پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ كرا، چونكە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دەیویست لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنێكی گەورە لە عێراق بە دەست بێنێ و بیكاتە بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەكەی لە ئەمەریكا.
bas news-
