هێزە عێراقییەكان: تەواوی كەناری ڕاستی مووسڵمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە

هێزە عێراقییەكان: تەواوی كەناری ڕاستی مووسڵمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكان رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە رووی سەربازییەوە تەواوی كەناری دەستەڕاستی شاری مووسڵیان ڕزگار كردووەتەوە.


عەمید یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوە كە هێزە هاوبەشەكانی سوپا لە هەموو میحوەرە تایبەتەكانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ بە شێوەیەكی رێكوپێك بەرەو ئامانجە نەخشە بۆ داڕێژراوەكانیان پێشڕەوی دەكەن و ئەو هێزانە پتر لە %30ی ناوچەی كۆنی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە و ئێستە لە ناوچەی فارووقن كە لە دەوروبەری مزگەوتی نوورەدینە.


عەمید یەحیا رەسووڵ روونیشی كردەوە كە هێزە هاوبەشەكان لە 70%ی رووبەری كەناری دەستەڕاستی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووەتەوە و تەنیا لە 30%ی بە دەستی تیرۆریستانەوە ماوە.


هەروەها گوتیشی ئەوان دەتوانن بڵێن كە هەموو كەناری دەستەڕاستی مووسڵ لە رووی سەربازییەوە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە هاوبەشەكانی عێراقدایە، لەبەرئەوەی لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە.

bas news -
Top