داعش بە گازی خەردەل هێرشی كردووەتە سەر یەكەیەكی سەربازی لە مووسڵ

داعش بە گازی خەردەل هێرشی كردووەتە سەر یەكەیەكی سەربازی لە مووسڵ


ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە گازی خەردەل هێرشی كردووەتە سەر یەكەیەكی سەربازیی عێراقی كە راوێژكاری ئەمەریكی و ئوسترالی لەخۆ گرتووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەی (دەیلی مەیڵ)ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە یەكەیەكی سەربازی لە مووسڵ كە ژمارەیەك راوێژكاری ئەمەریكی و ئوسترالی لەخۆی دەگرێ، ڕووبەڕووی هێرشێكی كیمیایی داعش بووەتەوە، كە غازی خەردەلی تێدا بەكارهاتبوو.


بەگوێرەی رۆژنامە ئینگلیزیەكە، هێرشەكە ڕۆژی دووشەممەی رابردوو 17ی نیسان ئەنجام دراوە، لە ئەنجامدا ئەندامانی یەكە سەربازییەكە تووشی تەنگەنەفەسیەكیان زۆر هاتوون، 19 كەسیشیان بۆ چارەسەری گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.


یەكێ لە ئەفسەرەكانی یەكەی نەهێشتنی تیرۆری عێراقیش بۆ رۆژنامە ئینگلیزیەكە قسەی كردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە داعش مووشەكێكی لە گەڕەكی عەباری رۆژئاوای مووسڵ داوە، كە گازی كلۆری تێدا بووە.


هەروەها گوتی بەم هۆیەوە ئێستە یەكەكەیان ماسكی خۆپاراستن لە چەكی كیمیایی و پێداویستییەكانی تری بۆ خۆپاراستن لە جۆرە هێرشێكی تری هاوشێوە بەسەر هێزەكاندا دابەش كردووە.


دوای ئەوەی لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا بەشی چەپی مووسڵ لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش پاك كرایەوە، ئێستەش زیاتر لە نیوەی بەشی راستی شارەكە لە تیرۆریستانی داعش پاك كراوەتەوە.

bas news-
Top