مەسیحییە ئاوارەکان: خەڵکی گوندەکانی دەوروبەرمان هاوکاری داعش بوون
ژمارەیەک هاووڵاتیی ئاوارەی مەسیحی لە شاری هەولێر بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)یان راگەیاندووە، کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ناوچە مەسەیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا (گوندی عەرەبنشینن)، لە کاتی داگیرکاریی داعشدا، چەکدارانی ئەو رێکخراوەیان لەخۆ گرت و هاوکارییان کردن، "ئێیستاش داعش لەنێو گوندەکانیانە".
ئەو ئاوارە مەسیحییانە سێ مەرجیان بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان یاری کردووە، کە بریتین لە:
- دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆیان.
ترسیان لە گوندە عەرەبنشینەکان هەیە، کە چاوساغی داعش بوون.
- پێدانی دڵنیایی نێودەوڵەتی.
- ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.
ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە رزگار کراونەتەوە، کە چەکدارانی داعش بە هاوکاریی خەڵکی عەرەبی ناوچەکە، داگیریان کردبوون و مەسیحییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی رزگارکردنەوەی ناوچەکانیانی دا و "بەڵێنەکەی بەجێ هێنا".
بەهۆی داگیرکاریی داعش و شەڕی تائیفی لە عێراق، دەیان هەزار هاووڵاتیی مەسیحیی عێراق و دەشتی مووسڵ، وەک ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.
دوای رزگارکردنەوەی ناوچەکانیان، هێزەکانی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار زەنگی کڵێساکانیان لێدایەوە و دڵنیاییان بە هاووڵاتییە مەسیحییەکان دا.
رۆژی 15.4.2017، لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قیامەی مەسیحییەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە مەسیحییەکان، کە تیرۆر ناتوانێ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان تێک بدات.
مەسعود بارزانی بە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوای راگەیاند، "ئێوەیش بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن و بەشدار دەبن لە دیاریكردنی چارەنووس و پیادەكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان".
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
