مالیکی پشتیوانیی خۆی بۆ رژێمی ئەسەد دووپات دەکاتەوە

 مالیکی پشتیوانیی خۆی بۆ رژێمی ئەسەد دووپات دەکاتەوە
جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پشتگیریی بەردەوامبوونی رژێمی سووریا لە تاوانە جەنگی و دژە مرۆڤایەتییەکان دەکات.



بەپێی لێدوانێکی رۆژنامەوانی، کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، نوری مالیکی دژایەتیی خۆی بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەربازگەیەکی رژێمی سووریا نیشان داوە.



لە لێدوانەکە رۆژنامەنووسییەکەدا، نوری مالیکی پێیوایە ئەو هێرشە مووشەکییەی ئەمریکا پەیامێکە، کە ئەو وڵاتە بە هێز مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.



نوری مالیکی، هاوشێوەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق پاکانە بۆ رژێمی سووریا دەکات و گومان دەخاتە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریاوە.



رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.



رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخون‌ی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.



باسنیوز
Top