داعش 33 هاووڵاتی سڤیلی لە مووسڵ گولـلەباران كرد
ئەفسەرێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا ئاشكرای كرد ئەمڕۆ سێشەممە تیرۆریستانی داعش لە بەشی راستی مووسڵ 33 هاووڵاتی سڤیلی گولـلەباران كرد، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە ئەو خەڵكە تەنها هەوڵیان داوە بەرەو ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئەمنی ڕابكەن.
ئەحمەد جبووری ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا رایگەیاند ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش 33 كەسەكەی لە گەڕەكی تەنەك بەشی راستی مووسڵ گولـلەباران كردووە، دوای ئەوەی هەوڵیان داوە لەو گەڕەكەوە بەرەو ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئەمنی ڕابكەن.
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە دوای گولـلەبارانكردنیان، داعش تەرمی ئەو كەسانەی لەسەر رێگە و کۆڵانەكانی گەڕەكەكە فڕێ داوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی گەڕەكەی پێ بتوقێنێ.
لە لایەكی دیكەوە سەعد مهاوس ئەفسەر لە هەواڵگری هێزەكانی دژە تیرۆر رایگەیاند كە داعش موتعەب عەتاڵڵا بەرپرسی دیوانی هۆزەكانی لە رێكخراوەكە لە ناوچەی مشیرفەی رۆژئاوای مووسڵ دوای مانگێك لە دەستگیركردنی، گولـلەباران كرد.
سەعد مهاوس گوتیشی "موتعەب عەتاڵڵا سەرپێچی فەرمانەكانی داعشی كردبوو سەبارەت بە دەركردنی هاووڵاتییانی سڤیل لە رۆژئاوای مووسڵ، بۆیە رێكخراوەكە دوای مانگێك لە دەستگیركردنی، گولـلەبارانی كرد و دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی ناوچەكە فڕێ دا".
bas news -
