عەبادی سەردەمی دەسەڵاتی مالیکی بە ”چوارگۆشەی تاریکی“ دەناسێنێت

 عەبادی سەردەمی دەسەڵاتی مالیکی بە ”چوارگۆشەی تاریکی“ دەناسێنێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرش دەکاتە سەر سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و رایدەگەیەنێت، کە سەردەمەکەی ”چوارگۆشەی تاریکی“ بوو لە عێراق.

رۆژی شەممە 1.4.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی وتارێکدا لە رێوڕەسمێک لە رۆژی ”شەهیدی عێراقی“، رایگەیاند، توانیویەتی بارودۆخی عێراق باشتر بکات هەرچەندە ”تووشی چەندین کۆسپ و تەگەرە بووین“.

حەیدەر عەبادی قۆناغی داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە عێراق، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکردن، بە ”چوارگۆشەی تاریکی“ دادەنێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە رێگانەدان بۆ گەڕانەوەی ”چوارگۆشەی تاریکی“ دەدات، کە ”زیانی بە وڵات، گەل و سوپاکەمان گەیاند“.

لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی عێراق، چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباری داگیر کرد، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی خاکی عێراق.

هەروەک سەرکردەکانی کوردستان و پێکهاتەی سوننە لە عێراق باسی دەکەن، نوری مالیکی، کە لە ساڵی 2006 تا 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بە شێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمڕانیی عێراقی دەکرد و مافی هیچ کام لە پێکهاتەکانی تورکمان، عەرەبی سوننە، مەسیحی و کوردی نەدەدا.

مالیکی لە بەشێک لە هەوڵە دیکتاتۆری و دژە دەستوورییەکانیدا، لە ساڵی 2013دا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.








باسنيوز

Top