"ھەڕەشەی کوشتنی سەدر ئاماژەیە بە ناکۆکی نێوان سەدر و مالیکی"
لە خۆپیشاندانی دوێنێی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا موقتەدا سەدر رایگەیاند، "ئەگەر منیش کوژرام واز لە داواکاریەکانیتان مەھێنن"لەم بارەوە زانا ڕۆستایی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "قسەکانی سەدر ئاماژەیەک بوو بۆ ململانێکانی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە، گوتی: "لە عێراقدا بابەتی تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان شتێکی ئاساییە، باوکی سەدر کاتی خۆی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە تیرۆر کراوە، ئەو دروشمانەی ئێستا ئەو ھەڵی گرتووە زیان بە بەرژەوەندیی زۆر کەس دەگەیەنێت، ئەو خۆپیشاندانەی ئەو دەیکات زیان بە ھەندێک حزب و لایەن دەگەیەنێت، دوور نییە ھەڕەشەی لێ بکرابێت، ئەمەش وەک دۆسیەیەکی سۆزداری بەکاری ھێنا بەرانبەر بە جەماوەرەکەی و بۆ وروژاندنی زیاتریان، بۆیە ئەگەر بکوژرێت کاردانەوەی توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە و ئاڵۆزی زیاتری لێ دەکەوێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، گرووپی مالیکی نەیاری سەرسەختی موقتەدا سەدرن، بۆیە بە پلەی یەکەم سەدر کار دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نووری مالیکی نەگەڕێتەوە دەسەڵاتی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکی بکاتەوە و بیداتە دادگا ململانێیان لە سەردەمی سوپای مەھدی دەستی پێ کردووە، کاتێک مالیکی دەیان کەسی لێیان کوشت، دەیان کەسی لە زیندان حوکمدا، بۆیە لە بەدوای تۆڵەی سیاسیدا دەگەڕێن و سەدر نایشارێتەوە لەدژی خۆپاڵاوتنی نووری مالیکییە بۆ وەلایەتی سێیەم ھەموو گرفتەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی ئەو.
زانا ڕۆستایی ئەوەشی خستەڕوو، "ھەردوولا گرووپی چەکداریان ھەیە وتارەکانیان زۆر تون و بەردەوام ئەگەری شەڕ ھەیە ئێمە لە بەغداین کاتێک خۆپیشاندان دەکرێت حاڵەتێکی نائاسایی دەبینرێت، بۆیە ئەو ئەگەرە زۆرە کە پێکدادان ڕوو بدات".
باسنیوز
