خۆپیشاندەرانی بەغدا: دەمانەوێت ژیانێکی ئازادمان هەبێت
موقتەدا سەدر ، سەرۆکی رەوتی سەدر لە گوتارەکەیدا گوتی: "چەند خاڵێکی گرنگ کە لەسەری بەردەوام بن ئەگەر هاتوو منیش کوژرام، یەکەم بەردەوام بن لە شۆڕشی چاکسازی بێ بێزاری و کەموکوڕی نەڵێن موقتەدا رۆیشت و شۆڕشی چاکسازی نامێنێت. وەک چۆن گەل چووە ناوچەی سەوز یا ناوچەی سوور، بە هەمان شێوە دەتوانین جارێکی دیکە بڕۆینەوە ناوچەی سەوز، بەڵام نامانەوێت جارێکی دیکە عێراق بێنینەوە خاڵی سفر".
خۆپیشاندەران بۆ ماوەی سێ کاژێر بە ئاڕاستەی ناوچەی سەوز هۆتافیان دژی حکومەت و پەرلەمان گوتەوە و داوای هەڵوەشانەوەی کابینەکەی حەیدەر عەبادییان دەکرد.
هاووڵاتییەک کە لەنێو خۆپیشاندەران بوو بە رووداوی راگەیاند: "دوو ساڵە ئێمە خۆپیشاندان دەکەین، هەمووتان خۆپیشاندان بکەن هەی گەل لە نێو دامودەزگاکانیش خۆپیشاندان ئەنجامبدەن لە هەموو شوێنەکان تاوەکو بتوانن مافی خۆتان بستێنن لەو دەمووچاوە دوبارانە".
یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران گوتی: "دەمانەوێت ئێمەی گەلی عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ژیانێکی ئازادمان هەبێت ، دوور لە پشکپشکێنە چونکە گەر بڕوانینە دۆخی عێراق بە ئاڕاستەیەکی خراپدا دەڕوات، گەنجەکانمان خوێندنیان تەواوکردووە و ئەگەر وابەستەی حزب نەبێت داینامەزرێنن".
دایە فائیزە لە پارێزگای واست هاتووە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندان و داوادەکات ژنانیش ببنە بەشێکی گرنگی شۆڕشی چاکسازی لە عێراق.
دایە فائیزە بە رووداوی راگەیاند: "من لە پارێزگای واست هاتووم ، ساڵێک و سێ مانگە دێمە گۆڕەپانی تەحریر بۆ بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان دژی ئەو حکومەتە گەندەڵە ، داوای گۆڕینی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەم بە رگ و ریشەوە".
زیاتر لە دوو ساڵە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شاری بەغدا دژی گەندەڵی بەڕێوە دەچێت لەو ماوەیەدا بەرپرسانی حکومی نەهاتوونەتە نێو خۆپیشاندەران بۆ گوێبیستی داخوازییەکانیان.
رووداو
