ترەمپ: نەدەبوایە لە عێراق بکشێینەوە
لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیدا لە کۆشکی سپی بەچڕوپڕی باس لە بابەتەکانی ھاریکاریی نێوان ھەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کرا.
حەیدەر عەبادی دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی کورتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەنجام دا، لەگەڵ شاندی یاوەریدا بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکدا کرد کە ئەندامانی کابینەکەی ترەمپ، ھەریەک لە سەرۆکی راوێژکاران و زاوای ترەمپ، جارد کوشنەر و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، ھێربێرت ماکماستەر و وەزیری بازرگانیی، ویڵبەر رۆس و وەزیری بەرگریی، جەیمس ماتیس و سکرتێری گشتیی کۆشکی سپی، رەینس پرایبەس تێیدا ئامادەبوون.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە میدیای ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەکراوە لەکاتی وێنەگرتی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە، ترەمپ بە عەبادی راگەیاندووە، ''لە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامام پرسی کە بۆچی رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا واژووکردووە'' و گوتوویەتی ''ئەوە یەکێکە لەو شتانەی لەوم پرسی، بۆچی سەرۆک ئۆباما رێککەوتننامەی لەگەڵ ئێراندا واژوو کرد؟ چونکە تا ئێستا ھیچ کەسێک وەڵامی ئەو پرسیارەی لەلا نییە''.
ھەروەھا دۆناڵد ترەمپ جەختی لە رەخنەکانی سەبارەت بەکشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١دا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕیارەکە بڕیارێکی ھەڵە بووە، راشیگەیاندووە ''بە دڵنیاییەوە نەدەبوو بکشێینەوە. لەوێ بۆشاییەک لەھێزدا درووستبوو، دوای ئەوەش بینیمان چی رووی دا''.
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکوەزرانی عێراقی کرد بۆ ''بەرەنگاربوونەوەی داعش بەشێوەیەکی نایاب'' و باس لەوەش دەکرێت کە ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە کە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، بەرێوەدەچێت.
لەو ھەواڵانەدا کە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە عەبادی رایگەیاندووە ''داعش رێکخراوێکی تیرۆریستییە کە مایەی ھەڕەشەیە بۆسەر ھەموو جیھان'' و جەختی لە ''گرنگیی ھاریکاریی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر رێکخراوەکەدا'' کردووەتەوە. ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ''ھێزی زۆر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان ھەیە بەڵام ئامانجمان ئەوەیە ئاستی ھاریکارییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا بەرز بکەینەوە''.
ھەروەھا ئاماژە بەوەشکراوە حەیدەر عەبادی لەبەرامبەر دەرھێنانی عێراق لە لیستی ''ئەو وڵاتانەی قەدەغەی ڤیزەیان خراوەتە سەر'' لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، سوپاسی ناوبراوی کردووە.
دوای کۆبوونەوەکانی لە کۆشکی سپی، عەبادی لە پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی گوتارێکی پێشکەش کرد و بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەشداریی بکات.
payamner-
