سەرکردەیەکی نزیکی بەغدادی دەستگیر دەکرێت

 سەرکردەیەکی نزیکی بەغدادی دەستگیر دەکرێت
سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی توندڕەوی داعش و نزیک لە خەلیفەی ئەو رێکخراوە لە شاری مووسڵ دەستگیر کرا.

فەریق رائید جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالیی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 19.3.2017، حوسام شیت مەجید ئەلجبووری، بەرپرسی دیوانی حسەبەی داعش دەستگیرکراوە.

حوسام شیت مەجید ئەلجبووری، کە کەسێکی نزیکی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشە، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ لە ناوچەی بابول سجن لە رۆژئاوای مووسڵ دەستگیر کراوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.








باسنيوز
Top