قەرزەکانی عێراق گەیشتە 125 ملیار دۆلار
ئەو رەوشە سەختەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت بووەتە هۆکارێک بۆ زۆربوونی قەرزە گشتییەکان و گەیشتنی بە ئاستێک، کە ببێتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی ئابووری عێراق.
بەپێی ئامارەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو، کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق 174 ملیار دۆلارە و رێژەی قەرزەکان لە کۆی بەرهەمی ناوخۆ 61%ـه، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ قەرزەکانی عێراق بۆ 120 ملیار دۆلار زیادبکات و لەساڵی 2017 دا 134 ملیار دۆلار تۆمار بکات.
شەڕی تیرۆر بەتایبەتیش شەڕی داعش بووەتە هۆکارێک کە لە 40%ی بودجەی عێراق بۆ خەرجی شەڕ بڕوات، ئەمە جگە لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆتە هۆکارێک کە کەلێنەکانی بودجەی عێراق بۆ 21 ملیار دۆلار زیاد بکات.
ساڵی 2016 بە بەراورد بە ساڵی 2013 عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل زیاد کردووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، داهاتی عێراق لە نەوت لەساڵی 2013 89 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لەساڵی 2016 داهاتی کەمبووەوە بۆ 49 ملیار دۆلار.
عێراق بە یەکێک لە وڵاتە گەندەڵەکان دادەنرێت و بەپێی پێنوێنی گەندەڵی، عێراق لە پلەی 161ەمین وڵات دێت لە کۆی 168 وڵاتدا، زۆربوونی گەندەڵی بووەتە هۆکاری بەهەدەردانی سامانی عێراق، سوود وەرنەگرتن لە سامان بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان.
هەر لە چوارچێوەی گەندەڵیەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد، کە بڕی 42 ملیۆن دۆلاریان لە دەرماڵەکانی هەژاران بۆ سەر مووچەکانی خۆیان گواستووەتەوە.
rudaw -
