عەبادی داوای گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەکانی وڵاتێکی ئەوروپی دەکات

 عەبادی داوای گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەکانی وڵاتێکی ئەوروپی دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەکان لە وڵاتێکی ئەوروپی دەکات.

حەیدەر عەبادی، سەۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی، رایگەیاندووە، شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ ”بەمزووانە“ کۆتایی دێت و رێکخراوی توندڕەوی داعش لە وڵاتەکەیدا نامێنێت.

حەیدەر عەبادی داوای لە پەنابەرە عێراقییەکان لە ئەڵمانیا کردووە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ”ئێمە ئێستا دەست بە ئاوەدانکردنەوە دەکەین و لە بەرژەوەندیی وڵاتیش دایە پەنابەرەکان بگەڕێنەوە“.

بەهۆی داگیرکاریی داعش و قەیران و کێشە تائیفییەکان، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقی وەک پەنابەر روویان لە ئەوروپا و بە تایبەت ئەڵمانیا کردووە، جگە لەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن‌یان روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.








باسنيوز
Top